میرنشینەکان

میرنشینی عەیشانی

٣٠٠-٣٥٠ک / ٩١٢-٩٦١ز لە ناوچەکانی ڕۆژاوای ھەرێمی چیاکان لە نەھاوەند و دینەوەر و ھەمەدان و سامنان ھەتا سنوری ئازربایجان. لەدیارترین میرەکانیان وندادو غانم.

میرنشینی ڕەوادی

(دەوروبەری ٣٣٧-٤٦٣ک/٩٤٨-١٠٧١ز) لە شارەکانی مەراغە و تەورێزو ئەردەبیل و ورمێ و خوی و سەلماس …ھتد، بەناوبانگترین میرەکانیان محەمەد کوڕی حوسێن ڕەوادی و ئەبو ھەیجای رەوادی و مەمەلانی رەوادی.

میرنشینی شەدادی

٣٤٠-٥٩٥ک/٩٥١-١١٩٨ز لە ھەرێمی ئاران لە شارەکانی بەردەعە و دبیل و گەنجەو باکو چەند شارو ناوچەیەکی دیکە. میرنشینی شەدادی ھەرچەندە لەلایەن سەلجوقیەکانەوە لاوازکراوە بەڵام ھەتاوەکو ساڵی ٥٩٥-١١٩٨ز لە شاری ئانی ھەر مابوو. لە دیارترین میرەکانیان محمەد کوڕی شەدادو فەزلون و ئەبولئەسوارو چەندانی دیکە. کەسەربەخۆبون و دراوی تایبەتی میرنشینەتیان لێداوە.

میرنشینی حەسەنوەیی

٣٤٨-٤٠٦ک/ ٩٥٩-١٠١٥ز لە ناوچەکانی شارەزوور و شاپورخواست واتا لوڕستان و دینەوەرو ھەمەدان و شوێن و شاری دیکە فەرمانڕەواییان کردووە. لەمیرە بەناوبانگەکانیان، حەسەنوەیھی کوڕی حوسێنی کوردی و میر بەدر کوڕی حەسەنوەیی کە یەکێکە لەھەرە میرە بەناوبانگەکانی کوردان، لەسەدەکانی ناوەراستدا کاری زۆر دیاری لەماوەی فەرمانڕەوایەتیەکەیدا کردووەو دراوی تایبەتی لێداوە.

میرنشینی مەروانی

٣٧٣-٤٨٩ک/٩٨٣-١٠٩٦ز لە کوردستانی ناوەڕاست و باکور لەدیاربەکر شارەکانی میاخارتین و ماردین وئامەدو خەڵات و بەدلیس و ناوچەی دیکە فەرمانڕەواییان کردووە. دامەزرێنەری میرنشینەکە میر باد کوڕی دۆستەکی کوردیە ھەروەھا میر مومەھەد ئەلدەولەو میر نەسرولدەولەو ئەحمەد کوڕی مەروانی کوردی کەبەناوبانگترین میری کوردیە، زیاتر لەپەنجا ساڵ میرایەتی کردووەو دەسەڵاتەکەی وەک دەوڵەت ناسراوە لەلایەن دەوڵەتانی عەباسی و بوەیھی وفاتمی و بیزێنتی و سەلجوقیەکان دانی پێدانراوە. زۆر کاری گرینگ لەئاوەدانی و بوژانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری لەو ناوچەیەی کوردستاندا ئەنجامدراوە. لە زۆربەی شارەکاندا دراوی میرنشینیەکە لێدراوە.

میرنشینی عەننازی

٣٨١-٥١١ ک /٩٩١ – ١١١٧ز ئەم میرنشینیە لە ناوچەی حەلوان لەلایەن کوردەکانی شازەنجانییەوە دامەزراوە دواتر دەسەڵاتی فراوان بووەو لەشارەکانی ئەسەد ئابادو داقوق و ئاوەدانی دیکە دەسەڵاتەکەی پەرەی سەندووە. لەمیرە بەناوبانگەکانیان، میر ئەبولفەتح محەمەد کوڕی عەنناز و میر حسام ئەلدەولە و ئەبو شوک و میرسورخاب کوڕی بەدر.

میرنشینی ھەزبانی

٣٤٧ – ٥٣٤ /١٠٤٦ – ١١٣٩ز لە شاری ھەولێر دەرکەوتووە، سەرجەم ناوچەکانی دەوروبەری ھەولێری فەرمانڕەوایەتی کردووە، لەبەناوبانگترین میرەکانیان عیسا کوڕی موسای ھەزبانی و میر ئەبولحەسەنی کوڕی موسکی ھەزبانی. لە دوای ھاتنی سەلجوقییەکان زۆربەی میرنشینیە کوردییەکان پوکانەوەو بەرەو نەمان چوون، بەڵام رۆڵی کورد ھەر لەبرەودابوو لەشەڕی بەناوبانگی ملازگرددا کورد ھاوکاری سەلجوقیەکانی کردووە کەسەرکەوتن بەسەر رۆمەکاندا.

لەسەروبەندی ھاتنی مەغۆلەکاندا کوردستان رووبەرووی وێرانکاری و زیانی زۆر بۆوە، چونکە ھەم ھەرێمە کوردییەکان بۆ مەغۆلییەکان گرنگ بوون، ھەم دەکەوتە سەر رێیان بۆ بەغداو شام، بۆیە کوردستان لەسەدەی ٧ک / ١٣ز زۆرترین زەرەرو زیانی بەرکەوت. لە ماوەی دەسەڵاتداریەتی ھێزە داگیرکەرەکانی کوردستاندا وێڕای زەبرو زەنگی زۆر بەڵام دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا بەتەواوەتی لەناونەچوو، چەندان میرنشین و دەسەڵاتداریەتی کوردی لەناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا فەرمانڕەواییان دەکردو ھێزەکانی جەلائیری وتەیموری و قەرەئۆینلو….ھتد. کوردستانیان کردبووە مەیدانی شەڕو ململانێ، تادەرکەوتنی عوسمانیەکان و شەڕی چاڵدێران ١٥١٤ز، کەمیر شەرەفخانی بەدلیسی لەکتێبی شەرەفنامەدا زانیاری گرینگی لەسەر ئەو دەسەڵاتداریەتیەی کوردان تۆمارکردووە.

زانیاری زیاتر