سۆفیگەری

ھەر لە سەرەتای سەدەی دوانزەیەوە سۆفیگەری لە کوردستان سەری ھەڵداوە و کۆمەڵە جیاجیاکان بە پەسەند کردنی ڕێبەرێکی ھاوبەش لە باوەشی تەریقەیەکەدا یەک دەگرن. لە ھەموویان کۆنتر کە تا ئێستاش لە کوردستان زۆر کارایە، تەریقەی قادری یە کە لە لایەن عەبدولقادری گەیلانیەوە (١٠٧٨ ـ ١١٦٦) دامەزراوە و لە شاری بەرزەنجە (نزیک شاری سلێمانی) ناوەندی بۆ دانراوە. دەروێشە قادریەکان بۆ ئەوەی لە لایەن شێخەکەیانەوە بە مورید بناسرێن دەبێ ھەندێ دەستپێشخەری بکەن و کۆمەڵێ ئەرکی گران بە جێ بگەیەنن کە بریتین لە دانپیانان بە خراپیەکانیان، چێژتنی سزاکانیان، فەرمانبەری، ڕێزگرتن لە یاساکانی خانەقا و ماوەی رۆژووەکان. لە میانەی مەراسیمەکانی کۆبوونەوەی خانەقا، موریدەکان لە ناو بازنە داخراوەکاندا لە گەل دەنگی جەرگبڕی دەف دا خەم و ڕاست دەبەنەوە تا دەگەنە حاڵەتی دڵڕاوکێیەکی گشتگیر. ئینجا ھەندێکیان بە خەنجەر و قەمە جەستەکەیان کون دەکەن یان بزمار لەسەری خۆیان دەکوتن یانیش بە سەرەوە خۆیان لە دیوارەکان دەدەن. ئەمڕۆ تاڵەبانی و بریفکانی ناودارترین بنەماڵەکانی قادرین.

تەریقەی دووەم نەقشبەندی سوونی لە سەر دەستی بەھائەددین نەقشبەند (١٣١٧ ـ ١٣٨٩) لە بوخارا (ئوزبەکستانی ئەمڕۆ) دامەزراوە و لە ساڵی ١٨٠٨ گەیشتووە کوردستان. ئەم تەریقە کە لە لایەن مەولانا خالیدی نەقشبەندی ھێنراوە، شێخەکانی بارزان، تەوێڵە و شەمدینان دەگرێتەوە خۆی. ئەمان مەراسیمەکانیان لە بێدەنگی تەواودا ئەنجام دەدەن. سووفیەکان بە دەوری یەک لە شێوەی بازنە دادەنیشن و بیر لەو بابەتە دەکەنەوە کە لە لایەن شێخەوە کە بەڕیوەبەری کۆبوونەوەکەیە، ھەڵدەبژێردرێت و تاوتوێ دەکرێت٠

زانیاری زیاتر